یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی حەوت گەیشت

دیناریی عێراقی
دیناریی عێراقی

یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان گەیشت.

دووشەممە، 19-08-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدای ڕاگەیاند "کەمێک پێش ئێستە، یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان گەیشتە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نێردراوە، نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە و مووچەی دەستەی پاراستنی ژینگە، دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایییە.

بڕیار بوو دوێنێ یەکشەممە، 18-08-2024، وەزارەتی دارایی عێراق یەکەم گوژمەی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نەخرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵی.

ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ بوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی هیچ فەرمانگە و وەزارەتێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردبوو؛ سەرەڕای ئەوەی چەند هەفتەیەک بوو پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچە تەواو ببوو.

لە دوایین کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی دڵنیایی داوە لەوەی دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە و پارەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.