پارێزگاری دهۆک: سێ ناحیەی نوێ دروست دەکرێن
پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا سێ ناحیەی نوێ لە سنووری پارێزگای دهۆک دروست دەکرێن".
پارێزگاری دهۆک گوتی: مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر تەواوی پرۆژەکانی سنووری پارێزگای دهۆک داوە و ئێستا زۆرینەی پرۆژەکان دەستییان پێ کردووە.
دووشەممە 19ـی ئابی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: چەند پرۆژەیەک لە دهۆک و ئاکرێ بە پشتیوانیی هەردوو ڕێکخراوی UNHCR و WHO کراون و لە قەزای سیمێلیش چەند پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن.
پارێزگاری دهۆک وەک مژدەیەکیش ڕایگەیاند "سێ ناحییەی نوێ لە میسیریک و شاریا و تەناهی، بۆ ئاسانکاریی لە کارووباری هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرانە دروست دەکەن". گوتی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان داوە. پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد "لە سنووری شارەوانی تەناهی کە بەرفراوانە لە پێچی زەرکا تا دەگاتە ئەو شەقامە شەست مەترییەی ئێستە، بە 10 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت". گوتیشی: لە سەنتەری سیمێل پارکێک دروست دەکرێت لەگەڵ چاککردنی شەقامەکانی، هاوکات بەردی بناغەی چاککردنی شەقامی شاریا دادەنرێت کە زۆر کەون و پڕ ڕووداو بوو لە پێشتردا.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: تەواوی ئەو پرۆژانەی وەستابوون، دەستییان پێ دەکرێتەوە، خزمەتی هەموو قەزا و ناحیەکان و گوند و ناوچەکان دەکەن بێ جیاوازیی.