وەزارەتى خوێندنى باڵا کورسییەکی ڕاهێنان لە بوارى دیبلۆماسى لە وڵاتی تورکیا ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆرسێکی ڕاهێنان لەبواری دیبلۆماسیدا لە تورکیا ڕادەگەیەنێت، بۆ بەشداریکردنیش چەند مەرجێک دادەنێت.
دووشەممە 19ـی ئابی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردەوە، بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگیى و فراوانکردنى پەیوەندییەکان، وڵاتى تورکیا یەک کورسیی ڕاهێنان لە بواری دیبلۆماسی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکات.
بۆ زیاتر زانیاری و پێشکەشکردن تکایە سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی وەزارەتی خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هاوکات دەبێت بڕوانامەی ماستەر یاخود دکتۆرای هەبێت و تەمەنی لە (40) ساڵ کەمتر بێت تا 1-1-2024، هەروەها زمانی ئینگلیزی بە باشی بزانێت و دانیشتووی وڵاتی تورکیا نەبێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: پێشکەشکار نابێت پێشتر لە بەرنامەکانی دیکەی خوێندن و ڕاهێنانی وڵاتی تورکیا سودمەند بووبێت. دەشڵێت: ئەو کاندیدانەی ئاستی زمانی تورکیان لە (advance)ە کاریان لە سەر ناکرێت، دەشڵێت: دەبێت کاندید ئامادەی (80%) وانە و سیمینار چالاکییەکان بێت.
ڕاشیگەیاندووە "ماوەی بەرنامەکە هەشت مانگ دەبێت، لە مانگی یانزەی ساڵی 2024 دەست پێ دەکات و لە مانگی حەوتی ساڵی 2025 تەواو دەبێت، دوا کات بۆ پێشکەش کردن بۆ بەشداریی لەو کۆرسە 2024/9/2
دەشڵێت: شایستە داراییە پێویستەکان بۆ پێشکەشکاران، جگە لە بیمەی تەندروستیی، تەواوی خەرجی بەشداریکردن و مانەوە و تیکتی فڕۆکە و تەنانەت مانگانەش لە سەر ئەرکی حکوومەتی تورکیا دەبێت. ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کاندیدانەی کە لە تاقیکردنەوەکانی ئاست دەرناچن، ئەوا پشتگیرییە داراییەکانیان دەبڕدرێت، هاوکات ئەو کاندیدانەی ئامادە نابن لە چالاکییەکان، بە هۆکاریی نەهاتوو پشتگیرییە داراییەکانیان دەبڕدرێت و ئەو پشتگیریەش کە وەریان گرتوە، لێیان وەردەگیرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کردووە، پێشکەش کردن لە ڕێگەی ئۆنلاین دەبێت، بەڵام ئەم دۆکیۆمێنتانەی خوارەوە بە دەست پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان لە دیوانی وەزارەتی خویندنی بالا و توێژینەوەی زانستی بکەن:
- تێستی زمانی ئینگلیزی کە کاتەکەی بە سەر نەچووبێت، تەنها تێستەکانی زمانی (تۆیفل و ئایڵتس و پی تی ئی) کاری پێ دەکرێت.
- بڕوانامەی ماستەر بۆ ئەوانەی خاوەن بروانامەی ماستەرن، هەروەها ماستەرو دکتۆرا بۆ ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی دکتۆران.
- لاری نەبوونی شوێنی کار کە بە ڕوونی لاری نەبوونی خۆیان بۆ بەشداریکردنی کاندید لەم خولە دەرببڕن، لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی خزمەتی کرداری لە دوای بە دەستهێنانی دواین بروانامە.
دەڵێت: دوا کات بۆ پێشکەش کردنی دۆکیومێنتەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (2024/8/22) دەبێت، پێویستە سەرجەم دۆکیۆمێنتەکان بە شێوەی رەسەن و کۆپی پێشکەش بکرێت.