لوفتهانزا جارێکی دیکە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ کردەوە

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی
ململانێی ئێران و ئیسرائیل
شەڕی غەززە
کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەڵمانیا
کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەڵمانیا (لوفتهانزا) ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، جارێکی دیکە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل، ئێران، لوبنان، ئوردن و عێراق درێژ کردەوە و ئەم جارە تاوەکوو 26ی ئەم مانگە ڕاگرتنی گەشتەکانی بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لوفتهانزا ڕایگەیاندووە "درێژکردنەوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی لە پێناو پاراستی سەلامەتیی تیمی فڕۆکەوانییەکان و گەشتیارانە کە بەهۆی ناکۆکی و ململانێکانی ناوچەکە بە تایبەت ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لوبنان بۆ جاری چوارەمە لەم مانگە بڕیارەکە درێژ دەکاتەوە".
هەروەها گرووپی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی نێودەوڵەتی سویسرا و نەمسا و یۆرۆوینگز گەشتەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێپەڕبوونی فڕۆکەکانیان بە ئاسمانی ئێران و عێراق دوور دەخەنەوە و ئاراستە گەشتەکانیان بۆ وڵاتی دیکە دەگۆڕن.