راوێژكارێكی عه‌بادی باس له ورده‌كاری رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات
"هه‌ولێر مووچه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان و به‌غداش مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری مه‌ده‌نی دابین ده‌كات"
K24 - هه‌ولێر:
مه‌زهه‌ر ساڵح، راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ورده‌كاری رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئاشكرا ده‌كات و رایگه‌یاند، رێككه‌وتنه‌كه له باره‌ی نه‌وت كه‌ركووك و دابینكردنی مووچه‌ی پارێزگاكه "باش" بوو .
مه‌زهه‌ر ساڵح، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، حه‌یده‌ری عه‌بادی و نێچیرڤان بارزانی، له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون، رۆژانه 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك هه‌نارده بكرێت، ئه‌ویش له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی باباگوڕگوڕ و خه‌باز ده‌بێت.
هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ش، له رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جیهانی توركیا ده‌كرێت.
راوێژكاره‌كه‌ی عه‌بادی باس له‌وه‌ش ده‌كات، داهاتی نه‌وته‌كه به گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق دابه‌ش ده‌كرێت و بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی كه‌ركووك، 50 به 50 دابه‌ش ده‌كرێت.
مه‌زهه‌ر ساڵح ئاشكراشی ده‌كات، ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خه‌رجییه‌كانی پێشمه‌رگه و ته‌واوی ئه‌و هێزه سه‌ربازییانه دابین ده‌كات، كه له كه‌ركووك هه‌ن و حكوومه‌تی به‌غداش، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌رجه‌م داموده‌زگا حكوومییه‌كانی كه‌ركووك، له نیوه‌ی ئه‌و داهاته‌ی نه‌وتی كه‌ركووك دابین ده‌كات، كه پشكی به‌غدا 75 هه‌زار به‌رمیله رۆژانه.
مه‌زهه‌ر ساڵح گوتیشی: "سه‌ركه‌وتنی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له باره‌ی نه‌وتی كه‌ركووك، پێشه‌كییه‌كی باش ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی نه‌وتی نێوان هه‌ردوولا، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن".
سه‌رچاوه: الصباح