کامالا هاریس کارنامەی کەمکردنەوەی تێچووی بژێویی خێزان بۆ ماوەی 10 ساڵ ڕاگەیاند

لە سەروبەندی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کارنامەیەکی بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بژێویی خێزانی ئەمەریکی بۆ 10 ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند.

کارنامە 10 ساڵییەکەی هاریس، تیشک دەخاتە سەر باشترکردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی ئەمەریکی، کە ئێستا بەدەست بەرزیی نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانە و گرانی کرێی خانووبەرەوە گیرۆدەن.

لیژنەی بودجەی بەرپرسیارانەی فیدراڵی ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارنامە 10 ساڵییەکەی کامالا هاریس بڵاوکردووەتەوە، باس لە کورتهێنانەکانی جێبەجێکردنی کارنامەکە دەکات.

کارنامەکەی کامالا، ڕێژەی قەرزی باجیی بۆ منداڵ لە خێزانەکانی چینی مامناوەند بۆ شەش هەزار دۆلار بەرز کردووەتەوە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی لیژنەی بودجەی بەرپرسیارانەی فیدراڵی لە 10 ساڵدا بە بڕی 100 ملیار دۆلار کورتهێنان دروست دەکات.

قەرزی باجیی بۆ منداڵانی نێوان تەمەنی یەک بۆ شەش ساڵی بۆ سێ هەزار و 600 دۆلار بەرز کردووەتەوە، کە ئەمە تا 2036 گەورەترین کورتهێنان دروست دەکات بە بڕی، 1.1 ترلیۆن دۆلار.

قەرزی چاودێریی تەندروستی بە نرخێکی گونجاو بۆ خێزانە ئەمەریکییەکان وا دەکات 400 ملیار دۆلار کورتهێنان دروست بێت.

ئەو خێزانانەشی لە چینی مامناوەندن و منداڵیان نییە، قەرزی باجیی داهاتی بەدەستهێنراویان پێ دەدرێت، کە بە هەمان شێوە دەبێتە هۆی 150 ملیار دۆلار کورتهێنان.

کارنامەی کامالا هاریس، دروستکردنی سێ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمیی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.

هەر خێزانێک یەکەمین جاری بێت خانووێک بکڕێت یاخود دروست بکات، بڕی 25 هەزار دۆلاری وەک قەرز پێ دەدرێت، کە وادەکات دوای 10 ساڵ 100 ملیار کورتهێنان هەبێت.

جگە لەمەش  قەرزی زیاتری خانووبەرە بۆ چوار ساڵ بەو کەسانە دەدرێت، ئەمەش بەهەمان شێوە 100 ملیاری دیکە کورتهێنان دروست دەکات.

بابەتێکی دیکە لە کارنامەکەدا، دابەزاندنی نرخی دەرمانی پزیشکییە بۆ خێزانە ئەمەریکییەکان، کە دابەزاندنی نرخی دەرمان دەبێتە هۆی کورتهێنانی 250 ملیار دۆلار.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی لیژنەی بودجەی بەرپرسیارانەی فیدراڵی، کارنامەکەی کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا، وادەکات دوای 10 ساڵ 1.7 ترلیۆن دۆلار کورتهێنان دروست بێت.