سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو: بە دروستکردنی پۆند و ئاوەڕۆ مەترسی هەستانی لافاو لە دارەتوو کەم دەبێتەوە

ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو
ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو

سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو ڕایدەگەیەنێت: بە دروستکردنی چەند پۆند و بەنداو و ئاوەڕۆییەک، مەترسی هەستانی لافاو لە دارەتوو کەم دەبێتەوە.

سێشەممە 20ـی ئابی 2024، ڕەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر بۆ ڕێگریی لە هەستانی لافاو کراوە؛لە ناحییەی دارەتوو پاش لافاوی ساڵی 2021 کە زیانی ماددی و گیانیی لێ کەوتەوە، بڕیاری چەند پرۆژەیەک درا، لەوانە پۆند و بەنداو و ئاوەڕۆ، بە دروستکردنی ئەو پرۆژانەش مەترسییەکانی لافاو کەم بوونەوە، لە کاتێکدا دارەتوو لەنێوان دوو بەستە، بەستەکان فراوان دەکرێن بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی لافاو.

سەرۆکی شارەوانی دارەتوو دەڵێت: دوو ساڵی ڕابردوو نزیکەی هەشت کیلۆمەتر ئاوەڕۆ لە دارەتوو دروست کراوە، بەتایبەت لەو گەڕەکانەی کە مەترسی لافاویان هەبوو، هاوکات لەنێوان دارەتووی کۆن و نوێ دوو ڕێڕەوی ئاوەڕۆ بە نزیکەی دوو کیلۆمەتر دروست دەکرێن، لەگەڕەکی ژینیش سێ کیلۆمەتر ئاوەڕۆ دروست دەکرێت.

ڕەوەند قادر گوتی: لە بەربەستی دارەتوو، 350 هەزار مەتر سێجا ئاو گل دەدرێتەوە، بە دروستکردنی پۆندێکیش کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە گەڕەکی ژین کۆتایی دێت، دەڵێت: ئەو ئاوەی گل دەدرێتەوە بەشێوازێکی ئەندازەیی لەنێو دارەتوو دوور دەخرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش ڕێڕەوە ئاوەکان بە بەردەوامی پاک دەکرێنەوە.

سەرۆکی شارەوانی دارەتوو دەڵێت: هەموو ئەو پرۆژانەی ئێستا لە کارن، لەکاتی خۆیاندا تەواو دەبن. ئاشکراشی کرد، دوو ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆ و پۆند خەرج کراوە، لە پلانی 2024یش، شەقامێک لەنێوان دارەتووی کۆن و گەڕەکی ژین دروست دەکرێت لەگەڵ ئاوەڕۆ بۆ شەقامە ناوخۆییەکانی دارەتوو، گوتی: زستانی ئەمساڵ بۆ دانیشتووانی دارەتوو سەلامەت دەبێت.