ئەمەریکا لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق نیگەرانە

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای کەسی لە عێراق نیشاندا و ڕایگەیاند: هەموارکردنەکە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەکانی ژنان و منداڵان.

سێشەممە 20ـی ئابی 2024 ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) لە بارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق، نوسیوویەتی "ئێمە نیگەرانین لە پێشنیازەکانی هەموارکردن لە یاسای باری کەسی عێراقی کە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەکانی ژنان و منداڵان".

لە بەشیکی دیکەی پەیامەکەیدا، پاتێل داوا لە عێراقییەکان دەکات کە بەشداریی لە گفتوگۆیەکی مەدەنییانە بکەن کە بە تەواوی ڕێز لە ئازادی ئایین، بیروباوەڕ و مافەکانی ژنان و منداڵان بگرێت.

لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت، خوێندنەوەی یەکەمیشیان لە پەرلەمانی عێراق بۆی کردووە، پارێزەرێکیش دەڵێت: دواین ڕەشنوسی هەمواری یاساکە لە پەرلەمانەو شاردراوەتەوە، چونکە چاوەڕێن کاردانەوەکانی شەقام لە دژی ئەو هەموارکردنەوەیە هێورببێتەوە ئەوسا هەموارکردنەکە پەسەند بکەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی حامۆرابی یاساکە ڕەتدەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: ئەم هەموارە هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی یاسا بە بناغەی تایەفەگەری و شەرعیەتدانە بە لێکترازانی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستوورە و  پەیوەندکردنی یاساکە بە ئەنجوومەنەکانی فەتوای سووننە و شیعە  پێچەوانەی ماددەکانی 19-87-88 ـی  دەستوورەو هەڕەشە لەیەکڕیزی و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکات.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات هەمواری یاساکە بەگوێرەی ماددەی 2 بڕگەی "ب" پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و، پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.