لە ئیندۆنیزیا لاشەی ئافرەتێکیان لەناو سکی تیمساحێکدا دۆزیەوە

پۆلیسی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، پارچەی لاشەی ئافرەتێکیان لە سکی تیمساحێکدا دۆزیوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی ناوخۆ سکی تیمساحەکەیان هەڵدڕیووە تاوەکو پارچەی لاشەی ئافرەتەکە دەربهێنن.
حەلیمە ڕاهاکپاوی تەمەن 54 ساڵ، لە ڕووبارێکی نزیک گوندی والی لە دوورگەی ملوک لە ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا مەلەوانی دەکرد کاتێک تیمساحەکە خواردوویەتی.
ڕۆستەم ئیلیاس، یەکێک لە دراوسێکانی قوربانییەکەیە و گوتی: دوای ئەوەی حەلیمە درەنگ کەوتووە لەگەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، خزم و هاوڕێکانی بەدوایدا گەڕاون.
دوای دۆزینەوەی نەعلەکەی و بەشێک لە تەرمەکەی کە سەرئاو کەوتبوون، پۆلیسیان ئاگادار کردەوە و تیمساحەکەیان دۆزیەوە و لەناویان برد.
ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "دانیشتووان ناچار بوون سکی تیمساحەکە هەڵبدڕن بۆ ئەوەی بەشێک لە لاشەی قوربانییەکە دەربهێنن."
ڕۆستەم ئەلیاس ڕوونی کردەوە کە تیمساحەکە زۆر گەورە بوو، نزیکەی چوار مەتر درێژ بووە. هەروەها نە پۆلیس و نە گوندنشینەکان نەیانتوانی جۆری تیمساحەکە دەستنیشان بکەن.
هەروەها لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، کرێکارێکی کانگاکان کە تەمەنی 63 ساڵ بوو، دوای ئەوەی تیمساحێک هێرشی کردە سەری لە ڕووبارێکی دوورگەی بانگکا لە کەناری ڕۆژهەڵاتی سوماترا گیانی سپارد.
دوورگەکانی ئیندۆنیزیا جۆرەها ئاژەڵی تێدایە، لەوانە تیمساح کە بە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر مرۆڤەکان.