ئێران ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ باره‌ی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی ڕاده‌گه‌یه‌نێت

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران

حكوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌نجامی كۆتایی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ باره‌ی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی, سەرۆککۆماری پێشووی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و هۆكه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

چوارشه‌ممه‌، 21ـی ئابی 2024، حكوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌نجامی كۆتایی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌ باره‌ی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئه‌و وڵاته‌ ڕاگه‌یاند و ئاشكرای كرد ژمارەی سەرنشینانی کۆپتەرەکەی ڕەئیسی له‌ ڕێژه‌ی خۆی زیاتر بووه‌ بۆیە نەیتوانیوە بۆ بەرزی پێویست هەڵبفڕێت و لە بارودۆخێکی ته‌مومژاویدا خۆی بە شاخێکدا کێشاوە.

حكوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئیتیڵاعات لە دۆسیەی ڕەئیسیدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ 30 هەزار کەس کردووە و هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ هۆکارێکی مرۆیی لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەدا نەبووە.

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "لە لێکۆڵینەوەکاندا، هیچ نیشانەیەکی بوونی ماددەی کیمیایی و ماددەی زیانبەخش نەدۆزراوەتەوە".

هاوكات ئه‌وه‌یش خراوه‌ته‌ ڕوو "لە ڕاپۆرتێکی پێشوودا، شوێنەواری هیچ گولـلەیه‌ك یان شتێکی هاوشێوە، لەسەر پاشماوه‌ی هەلیکۆپتەرەکە بە دی نەکراوە و کۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار دوای خۆكێشانی به‌ شاخه‌كه‌دا سووتاوه‌".

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسی، سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.

Fly Erbil Advertisment