ساموێل وۆربێرگ: ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی غه‌ززه پێداگره‌

ساموێل وۆربێرگ، گوته‌بێژی هه‌رێمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ساموێل وۆربێرگ، گوته‌بێژی هه‌رێمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

گوته‌بێژی هه‌رێمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ڕێگه‌ی كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس، بریتییه‌ له‌ چاره‌ی دیپلۆماسی و گفتوگۆ و دانوستان.

چوارشه‌ممه‌، 21ـی ئابی 2024، ساموێل وۆربێرگ، گوته‌بێژی هه‌رێمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌ی شه‌ڕی غه‌ززه‌، پێداگری له‌سه‌ر پرۆژه‌پێشنیازه‌كه‌ی جۆو بایدن ده‌كاته‌وه‌ و كه‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تێدا خراوه‌ته‌ ڕوو و له‌ ناوه‌ڕۆكیشیدا چه‌ندان بنه‌مای گرنگ و وردی له‌ خۆ گرتووه‌.

ساموێل وۆربێرگ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ گفتوگۆكانیدا له‌گه‌ڵ شاندی قه‌ته‌ر و میسر و ئیسرائیل هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی خستووه‌ته‌ ڕوو و جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كاته‌وه‌.

گوته‌بێژی هه‌رێمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت فشار له‌ ئیسرائیل بكات بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، هاوكات له‌ ڕێگه‌ی قه‌ته‌ر و میسره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ناڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ حه‌ماس هه‌یه‌.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا پێداگره‌ له‌سه‌ر ئاگربه‌ست و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌ و ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

ساموێل وۆربێرگ گوتیشی، واشنتن قسه‌ لە سێ قۆناغ ده‌كات کە قۆناغی یەکەمیان شەش هەفتەیە و بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ، هەروەها کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی سڤیلی لیێیە، لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لە لایەن حەماسەوە.

31ـی ئایاری 2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای كرد، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ئاگربەست لە غەززە خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس، کە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە.

بایدن ڕایگەیاند، ڕەشنووسەکەی ئیسرائیل ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکان و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی غەززە لەخۆ دەگرێت.

باسی لەوەش کرد، دوای هەوڵە دیپلپۆماسییە بەردەوامەکانمان، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، ڕەشنووسەکە لە لایەن قەتەرەوە گەیەندراوەتە حەماس.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، ڕەشنووسەکە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە، کە قۆناغی یەکەمیان شەش هەفتەیە و بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ، هەروەها کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی زۆری سڤیلی لیێیە، ئەوە لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە.

بایدن گوتیشی: "دواتر گفتوگۆ دەربارەی قۆناغی دووەم و سێیەم دەکەین کە بریتییە لە ڕاگرتنی هەمیەشەیی شەڕ".

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران