بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەچێتە ڕووسیا

بڕیارە ڕەفائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بچێتە وێستگەی ئەتۆمیی ڕووسیا لە شاری کۆرسک، کە بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا زیانی پێگەیشتووە.

گوتەبێژی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدرکێنێت بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو گرووسی گەشتەکەی بۆ ڕووسیا بکات، ئەمەش لەسەر ڕۆشنایی ئەو هۆشدارییەی ئاژانسی ئەتۆمی ڕووسیا (ڕووساتۆم) بڵاوی کردووەتەوە، گوایە هێرشە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا لە شەشی ئەم مانگەوە تاوەکوو ئێستا زیانی بە وێستگەی کۆرسک گەیاندووە.

هەر لە بارەی سەردانەکەی بۆ ڕووسیا، گرووسی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فایننشال تایمز ئاشکرای کردووە "سەردانەکەی بۆ وێستگە ئەتۆمییەکەی ڕوسیا لەگەڵ تیمی یاوەری بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی چی ڕوویداوە و قەبارەی زیانەکانی بیبینن و هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی چارەکردنی کێشەکانە".

لەلایەن خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ بەردەوام لە پەیوەندیی بووە لەگەڵ گرووسی سەبارەت بە کردە هەڵەشەییەکانی ئۆکرنیا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی کۆرسک و زاپۆریژیا.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێزەکانی ئۆکرانیا لە چەند قۆڵێکەوە سنوورەکانی ڕووسیایان بەزاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی سەر بە شارە سنوورییەکان بە تایبەت کۆرسک و چەند گوندێکیشیان کۆنترۆڵ کرد.