پارێزگای هەولێر ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان دەکات
لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ داڕشتنی پلان و ئامادەکارییەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان ڕێکخرا و پارێزگاری هەولێریش دووپات لەوە دەکاتەوە کە زمینە بۆ سەرجەم لایەنەکان دەڕەخسێنرێت پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بکەن بە پابەندبوونیان بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
پێنجشەممە 22ـی ئابی 2024، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی تایبەت بە بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە ئامادەبوونى بەرپرس و ئەندامانى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى دابینکردنى پێداویستییەکان بۆ سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونى پرۆسەکە کرا. لەوبارەوە پارێزگارى هەولێر، جەختى لە ئامادەباشیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانی ناوخۆ و گرتنەبەرى ڕێکاری پێویست کردەوە بۆ بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژى دەنگدان کە 20ى مانگى 10ى ئەم ساڵ دیاری کراوە.
هیواشی خواست بەزمینە ڕەخساندن بۆ سەرجەم لایەنەکان لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و پابەندبوونیان بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت و ڕوویەکی گەشی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان نیشان بدات. وەک پارێزگای هەولێریش، تەواوی پاڵپشتی و هاریکاریی بۆ نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپات کردەوە.
لە تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشیى لە هێزەکانى ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگریى شارستانى، تیمە تەندروستییەکان کرد لە بەرامبەر هاوکاریى و هاوئاهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و دابینکردنی یاسا و نەهێڵانى دیاردە ناشارستانى و دزێوەکان. هاوکات جەختی لە پتەوکردنى ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەى نێوانیان کردەوە.
ئومێد خۆشناو تیشکی خستەسەر چڕترکردنەوەی هەڵمەتەی نەهێڵان و دەستگیرکردنی ئەو ئافرەت و منداڵ و مێردمنداڵانەی کە بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە شارى هەولێر هەن و لە ترافیكلایتەکان کەلوپەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کار دەکەن.
پارێزگاری هەولێر، دووپاتی لە ڕێگەنەدان بە سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان بۆ سەر موڵکی گشتیی کردەوە. لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان و پاراستنی ژینگەی شاری هەولێریش، دووپاتی لە سەر بڕیاری سزادان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیا و پاڵاوگە و خاوەن مووەلیدە و ئۆتۆمبێلانە کردەوە کە لە ماوەى ڕابردوودا ڕەچاوی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێریان نەکردووە.