وەزارەتی بەرگریی تورکیا: لەماوەی هەفتەیەکدا 38 چەکدارمان کوشتووە کە زۆرینەیان پەکەکە بوون

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیا لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا 38 چەکداریان کوشتووە کە زۆربەیان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' بوون.

زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە گوتی: ئۆپەراسیۆنێکیان لە هەرێمی کوردستان و باکووری سووریا لە دژی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە، داعش و گولەن کردووە. لە ماوەی حەوت ڕۆژی رابردوودا 38 چەکداریان کوشتووە زۆربەیان سەر بە پەکەکە بوونە.

ئاماژەی بەوەش کرد "ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2024ەوە کوژراون گەیشتووەتە هەزار و 763 کەس، لەوانە 868 کەسیان لە هەرێمی کوردستان و 895 کەسیان لە باکووری سووریا بوونە".

تورکیا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە ئۆپەراسیۆن لە عێراق و سووریا و ئێران دەکات، کە زۆر جار، هاووڵاتیانی سڤیلیش بەردەکەون.