تورکیا مەشق و ڕاهێنان بە سوپای عێراق دەکات

K24 – هەولێر:
سوپای تورکیا لە بنکەی سەربازیی باشیک، مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە سوپای عێراق دەکات.
سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایان کردووە، دوای ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی نێوان تورکیا و عێراق، سوپای تورکیا لە بنکەی سەربازی باشیک، مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە سوپای عێراق دەکات.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، ئامانجی ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراق، بەلاوەنانی تەواوی هەڕەشەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان یان ریکخراوە قەدەغەکراوەکانە بەسەر سەروەریی و ئاسایشی هەردوو وڵات.
سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، ناوەندی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لە بەغدا پێکدەهێندرێت و لەلایەن دوو ئەفسەری باڵای سەربازیی عێراقی و تورکی بەڕێوە دەبردرێت.
ڕۆژی 14ـی ئابی 2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتیی لێژنەی باڵای ئەمنیی گەیشتە ئەنقەرە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات.
ڕۆژی 15ـی ئابی 2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گوتی: زۆر خۆشحاڵم دوای دانوستان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی ئەمنیی تورکیا گەیشتنین بە ڕێککەوتن کە لە بنکەی سەربازیی باشیک، سوپای تورکیا مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە سوپای عێراق بکات.