ئاریان سەلیمی كوردبوونی خۆی دووپات كردەوە
ئاریان سەلیمی پاڵەوانی كوردی شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، مێدالیای زێڕی لە ئۆڵمپیكی پاریس بردەوە، بووە یەكەمین وەرزشكاری كورد لە مێژووی ئۆڵمپیك مێدالیای زێڕ بباتەوە، دوای تێپەڕبوونی 13 رۆژ بەسەر ئەم دەستكەوتە ئەو كوڕە كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان سەردانی ئەو شوێنەی كرد كە تێیدا لەدایكبووە و زێدی باب و باپیرانییەتی.
ئاریان سەلیمی تەمەن 20 ساڵ لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە و بۆ یەكەمجار بەشداریی لە ئۆڵمپیك كرد، لە یەكەمین یاریی لە ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 شكستی بە رافاڵۆڤیچی پاڵەوانی ئۆزبەكیستانی هێنا، لە قۆناغی كۆتاییش لە كێشی سەرووی 80 كیلۆگرامیدا بە ئەنجامی 2 ـ 1 لە پاڵەوانی بەریتانی كادین كۆنینگهامی بردەوە و بووە خاوەنی یەكەمین مێدالیای زێڕ، دوای بردنەوەكەشی لەسەر شێوازی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێرا.
راستەوخۆ لە دوای سەركەوتنەكەش، مەسعوود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران پیرۆزبایی لە ئاریان سەلیمی پاڵەوانە كوردەكە كرد لە پلاتفۆرمی x مەسعوود پزیشكیان نووسی بووی: بەو مێدالیا زێڕەی بەدەستتهێنا شانازیت پێوە دەكەین كە دڵی ئێمەت خۆش كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە كەناڵی 3ـی وەرزشی نزیك لە حكوومەتی ئێران بە ناونیشانێكی گەورە بە بەكارهێنانی راستەیەكی كوردی نووسیویەتی: هەر بژی شێرەكە.
ئاریان سەلیمی لە شاری كرماشان سەردانی ناوچەی رونسەری كرد كە ناوچەیەكی كوردنشینە و شوێنی لەدایكبوونیەتی، لە ستۆری ئینستاگرامەكەشی وێنەیەكی بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی بڵاو كردەوە و سوپاسی هاونیشتمانی خۆشی كرد كە دڵخۆشبوون بەو دەستكەوتەی.
ئاریان سەلیمی بووە سێیەمین وەرزشكاری ئێران لە ئۆڵمپیكی پاریس مێدالیای زێڕ بباتەوە، پێشتریش لەسەر ئاستی ئاسیا ئەو لاوە كوردە چەندان مێدالیای زێڕ و زیوی بردووەتەوە.