لە کەربەلا پێنج کەس دەستگیرکران کە هەوڵی ترساندنی زیارەتکارانیان داوە

گوتەبێژی لێژنەی باڵای ئاسایشی پاراستنی زیارەتکاران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی پێنج تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە هەوڵیانداوە دەنگۆی پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەنێو زیارەتکاران بڵاوبکەنەوە.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی لێژنەی باڵای ئاسایشی پاراستنی زیارەتکاران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "یەکەکانی جێبەجێکردنی یاسای پۆلیسی فیدراڵی لە ڕێگەی بەدواداچوونیان بۆ ئەو کەرتەی کە ئەرکی پاراستنیان لە پارێزگای کەربەلا پێ سپێردراوە، توانیویانە پێنج کەس دەستگیر بکەن کە هەوڵیان دەدا دەنگۆ و ترس لەناو زیارەتکاران بڵاوبکەنەوە لە نزیک پردی توویریج، دەروازەی شەقامی کۆماری لە کەربەلا".
گوتیشی: "ئەو کەسانە هەوڵیانداوە دەنگۆی هەبوونی پشتێنی تەقەمەنی لەناو زیارەتکاران بڵاوبکەنەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە دەستگیرکراون و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان."
پێشتر بەڕێوەبەری بەشی گرووپە گەشتیارییەکان لە دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، مەهدی غەزبان ساعدی، ڕایگەیاندبوو، "پێنج دەروازەی وشکانی وەک "زەرباتیە و شەلەمچە" ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی هاتنی زیارەتکاران لە ئێرانەوە، هیوادارە ژمارەی زیارەتکاران بگاتە 13 ملیۆن کەس".
ئاماژەی بەوەش کرد: جگە لە دەروازەی "شەیب" کە بۆ پێشوازیی لە زیارەتکارانی ئەفغانستان و پاکستان و نەتەوەکانی دیکە ئامادە کراوە، بە یەکێک لە قەرەباڵغترین دەروازەکان دادەنرێت. هاوکات دەروازەی "سەفوان"یش بۆ زیارەتکارانی وڵاتانی کەنداو ئامادە کراوە، هەروەها دەروازەی مونزرییە لە مەندەلی ئامادە کراوە بۆ هاتنی تورک و ئازەربایجانییەکان.
ساڵی ڕابردوو ژمارەی زیارەتکارانی بیانی گەیشتە نزیکەی شەش ملیۆن کەس؛ چوار ملیۆنیان زیارەتکاری ئێرانی بوون. ئێران پێشبینی دەکات ژمارەی زیارەتکارانی ئەمساڵی وڵاتەکەی بگاتە 4.6 ملیۆن کەس، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو بەرپرسەی گەشتیاری کە باس لە 13 ملیۆن زیارەتکار دەکات، بە ڕێژەی 180% لە پێشبینییەکانی ئێران زیاترە.