کۆمپانیای تێسلا نیو ملیۆن درەخت لە ئەڵمانیا دەبڕێت

K24 - هەولێر:
کۆمپانیای تێسلا بۆ فراوانکردنی کارگەکەی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، 500 هەزار درەخت دەبڕێت، ئەمەش ناڕازیبوون و توڕەیی چالاکوانانی ژینگەپارێزی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بە مەبەستی فراوانکردنی کارگەکەی لە شاری گروونهایدی پایتەختی ئەڵمانیا، تێسلا لە مانگی تەمموزی 2024 مۆڵەتی لە حکوومەتی ئەڵمانیا وەرگرت.
چاوەڕوان دەکرێت، بە فراوانکردنی ڕووبەری ئەو کارگەیە توانای بەرهەمێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کارەگەکە دوو هێندە زیاد بێت و بگاتە نزیکەی ملیۆنیک ئۆتۆمبێل لە ساڵێکدا.
ئەمە یەکەم جار نییە دارستان بۆ کۆمپانیای تێسلا دەبڕدرێت، بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بۆ کارگە گەورەکەی ئەو کۆمپانیایە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە نێوان مانگی ئاداری 2020 تا مانگی ئایاری 2023 بە ڕووبەری 329 هێکتار دارستان بڕدراوە کە نزیکەی 500 هەزار درەختی لەخۆ گرتووە.
فروانکردنی کارگەی تێسلا شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و نیگەرانی چالاکوانانی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لێکەوتووەتەوە و چەندین خۆپیشاندان لە دژی ئەنجامدراوە، تەنانەت چەندین جار هەوڵی هێرشکردنە سەر ئەو کارگەکەیە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دراوە.