69 هەزار و 409 زیارەتکار لەڕێگەی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە هاتوونەتە نێو عێراق

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 69 هەزار و 409 زیارەتکار لەڕێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران باشماخەوە بۆ بەشداریی کردن لە چلەی(ئیمام حوسەین) هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە گوازراونەتەوە کەربەلا.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، تا ئێستا 1878533 زیارەتکار لە سنوور و فڕۆکەخانەکانەوە، بۆ بەشداریی لە چلەی ئیمام حوسەین هاتوونەتە عێراق. لە کۆی ئەو زیارەتکارانەش، 69 هەزار و 409 یان لە دەروازەکانی سنووری حاجی ئۆمەران و باشماخەوە دەرباز بوون، کە 39 هەزار و 57 یان لە حاجی ئۆمەران و 30 هەزار و 352ـی دیکەش لە دەروازەی باشماغەوە بووە.
لێژنەی باڵای هاتنی زیارەتکاران بڵاوی کردەوە، پێنج شەممەی ڕابردوو(22/ 8/ 2024) شاندێکی بالیۆزخانەی ئیران لە بەغدا بە سەرۆکایەتی قلی پور ملحقی، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیان بۆ لەنزیکەوە ئاگادار بوون و هەڵسەنگاندنی ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسین و گەڕانەوەیان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، 3500 کۆستەریان بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسەین ئامادە کردووە کە لە ئێران و ئازەربایجانەوە لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان.
شەممە، 17ـی ئابی 2024، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە سەرپەرشتی لیژنەیەكی باڵا بۆ ڕێكخستن و گواستنەوەی زیارەتكاران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكان لەسنوری هەولێر و سۆران، هەموو هۆكارێکی گواستنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی و ئازەربێجانیان بۆ چلەی ئیمام حوسەین لە ئەستۆ گرتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتیشی: ئەوە ساڵی سێیەمە، پاس بۆ گواستنەوەی زیارەتكارانی ئێرانی و ئازەربایجانی بۆ چلەی ئیمام حسین دابین دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە، دوای دەنگۆی بڵاوبوونەوەی پیلانی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ ژەهراوی کردنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، لایەنە ئەمنی و تەندروستییەکانی کەربەلا ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتە بەر و بەردەوام سەردانی مەیدانی بۆ خێوەتگە و شوێنەکانی ئامادەکردنی خواردنی زیارەتکاران دەکەن، سەبارەت بەم پرسە، میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەزگای هەواڵگریی لەسەرجەم شوێنەکانی کەربەلا هەن و لێکۆڵینەوەش لە ئەگەرەکان دەکەن.
میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: ئێمە دەزگای هەوڵگرییمان هەیە بەوردی چاودێریی سەرجەم شوێنەکان دەکەن، هێزەکانمان لە سەرجەم ڕێگەکان ئامادەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی هۆشیارییمان هەیە بۆ خێوەتگاکان، هەموو ئەوانە بەشداریی لە پاراستنی زیارەتکاران دەکەن، هەموو ئەو مەترسییانەی لە مێشکی خەڵکیدا هەن، وەک ژەهراوی کردنی خواردن و تەقینەوەی غاز و ئاگر کەوتنەوە، لێکدانەوەی تەواویان بۆ کراوە.
ئیهاب سەڵاح، سەرۆکی بەشی چاودێریی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کەربەلا بۆ کوردستان24 گوتی: 55 تیمی تەندروستیمان هەیە سەردانی خێوەتگە و حوسەینییەکان دەکەن بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە خواردن و خواردنەوەی زیارەتکاران، هەروەها وردبینی لەشێوازی هەڵگرتن و بەکارهێنانیان دەکەین، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ژەهراوی بوون تۆمار نەکراوە، بەردەوام ڕێنمایی بە خێوەتگەکان دەدەین و ئاگەداریان دەکەینەوە لە چۆنیەتی بەکارهێنان و هەڵگرتنی خواردنەکان.