شوان کەلاری: بەغدا بە نەناردنی مووچە دەیەوێت پێشکەوتنەکانی کوردستان بوەستێنێت

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی پەرلەمانی عێڕاق دەڵێت: بەغدا بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەیەوێت بە نەناردنی مووچە، پێشکەوتنەکانی کوردستان بوەستێنێت.

شەممە، 24ـی ئابی 2024، شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت:  نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە، بیانوو گرتنە، بیانووگرتنێک کە  پێچەوانەی دەستوور و  یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵییە، چونکە هیچ هۆیەک نییە کە وەزیری دارایی فیدراڵی بەو شێوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە ئامانج گرتووە.

شوان کەلاری دەڵێت: ئەوان لە بەغدا نایانەوێت حکوومەتێکی سەرکەتوو و پیشکەوتوو، هەرێمێکی ئاوەدان لە کوردستان هەبێت، چونکە ئەوە کێشە بۆ ئەوان دروست دەکات. گەندەڵی و  بەهەدەردان و تاڵانییەکی لە ڕادەبەدەر لە حکوومەتی فیدراڵ هەیە. ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە پێش بکەوێت، ئەوان تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی شەقامی عێراقی دەبنەوە. بۆیە دەیانەوێت بەردەوام بن لەو دزیی و تاڵانییە، دێن  پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن.
گوتی: ئەو پرسە ئامانجی سیاسیی لە پشتە، نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و کێشەی بۆ دروست دەکەن، پرسەکە موزایەدەی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانیشی تێکەوتووە کە تاوانەکان دەخەنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی خۆشییان باوەڕیان پێی نییە.

دەشڵێت: ئەوان نییەتیان باش نییە، عەقڵێکی شۆڤێنی لە بەغدا هەیە و لەنێو حکوومەتدا ئەجێندای دەورووبەر جێبەجێ دەکرێت بۆ دروستکردنی کێشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەو پیلانەی بەغدا دایڕشت دژ بە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو، چونکە ئێمە کە کێشەی خاک و پێشێلکاریی دەستوور و غەدر کردن لە پێشمەرگەمان هەیە، کێشەی شنگال و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان هەیە، ئەوان مووچەیان زەق کردووەتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان پێ مەشغول کردووە، گوتی: هەندێک لە فەرمانبەرانی ئێمە بەهاوکاریی خەڵکێک کە خەریکی ئیرهابی فیکریە، ئەو ئامانجەیان پێکاوە.