ریال مەدرید بۆ یاریی داهاتووی لە تواناكانی 5 یاریزانی بێبەش دەبێت

ریاڵ مەدرید دوای یەکسانبوونەکەی گەڕی یەکەمی لالیگا بەرامبەر مایۆركا، ئەمجارەیان لە گەڕی دووەم و لە یاریگای خۆی، رووبەڕووی ڤایادۆلید دەبێتەوە. ڤایادۆلید لە سەدەی بیست و یەک تەنها یەکجار، ئەویش لە ساڵی 2000 لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بردنەوەی بەدەستهێناوە.

ریاڵ مەدرید دوای یەکسانبوونەکەی بەرامبەر مایۆركا، هەندێک نائومێدی بۆ هاندەرانی بە تایبەت دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێ دروستکردووە، ئەو یانەیە لە گەڕی دووەمی خولەکە و لە یاریگای خۆی و لەبەردەم هاندەرانی، دەرفەتی ئەوەی لە پێشە نائومێدی هاندەرانی نەهێڵێت و ئەوە بسەلمێنێت کە لەگەڵ هاتنی یاریزانە فەڕەنسیەکە، دەتوانن باشتر بن.
یانە شاهانەکە لە گەڕی دووەمی لالیگا و لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئەمجارەیان رووبەڕووی ریال ڤایادۆلید دەبێتەوە، بەڵام بۆ ئەم یارییە جود بێلینگهام ئەستێرەی ئینگلیزی یانەکە، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، ناتوانێت بەشداری بکات، جگە لە بێلینگهام، ئالابا، ڤاییخۆ و كاماڤینگاش بەهۆی پێكانەوە یاریی ناكەن، جگە لەمانەش فێرلاندی مێندی بەهۆی كارتە سوورەكەی راگیراوە.
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید پێش ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕی دووه‌می لالیگا رووبه‌رووی ڤایادۆلید ببنه‌وه‌ رایگه‌یاند كاریان له‌سه‌ر ئاستخراپی یاریی یه‌كه‌م كردووه‌ و له‌م یارییه‌ش خۆیان باشتر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها گوتی ئێندرێك وه‌ك هه‌ر یاریزانێكی دیكه‌ ده‌بێت خۆی بسه‌لمێنێت بۆ ئه‌وه‌ی خوله‌كی زیاتر یاریی بكات.
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەمبارەیەوە گوتی: زۆر به‌باشی بۆ یاریی داهاتوومان ئامادەین، لە ئاسته‌ خراپه‌كه‌مان له‌ یارییه‌كه‌ی مایۆركا تێگه‌یشتووین و هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌موو شتێك باشتر بكه‌ین، یارییه‌كه‌ی ڤایادۆلید تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر باش ده‌بێت بۆمان، ئه‌و نامه‌یه‌ی به‌ناوی رۆدریگۆ بڵاوكرایه‌وه‌ ناڕاسته‌ و دروستكراوه‌، قسه‌م له‌گه‌ڵی كرد و هیچ شتێكی له‌و جۆره‌ بوونی نییه‌، رۆدریگۆ له‌ ریال مه‌درید دڵخۆشه‌ و ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت له‌ یارییكردن، رۆدریگۆ له‌ دوو یاریی رابردوو باشترین یاریزانی ئێمه‌ بووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كیش بوونی نییه‌.
ئانچیلۆتی گوتیشی: ئەم یارییە بۆ ئێمباپێ زۆر تایبەت دەبێت، چونكە یه‌كه‌مین یاریی له‌ سانتیاگۆ بێرنابیۆ ده‌كات، پێموایه‌ ئه‌و رۆژه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێكێكی مێژوویی و هانده‌رانیش ده‌یانه‌وێت چێژی لێ ببینن، دڵنیام ئێمباپێ له‌م یارییه‌ ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی پیشان ده‌دات، هەروەها ئێندریك وه‌ك هه‌ر یاریزانێكی دیكه‌ی یانه‌كه‌ زۆر باش له‌گه‌ڵمان گونجاوه‌ و بێگومان له‌ یارییه‌كانی داهاتوو خوله‌كی یارییكردن وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین ئێندرێك له‌ یانه‌یه‌كه‌ كه‌ ركابه‌رییه‌كی تووند بۆ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ و ده‌بێت ئه‌ویش هه‌وڵی خۆی بدات، هیچ یاریزانێكی به‌رگریكار ناگوازینه‌وه‌ ئه‌سێنسیۆ و یاكۆبمان هه‌یه‌ و چوامینیش ده‌توانێت له‌ دڵی به‌رگری بێت، بێلینگهام تووشی ئازار هاتووه‌ و لێدانی به‌ركه‌وتووه‌ پشكنینی زیاتری بۆ ده‌كرێت.

ریاڵ مەدرید لەوەتەی گەڕی 37 وەرزی رابردوو، نەیتوانیوە لە هیچ یارییەک بردنەوە بەدەست بهێنیت، لەو کاتەوە مێرنگی سێ یاریی کردووە و لە هەرسێ یاریی بەرامبەر بووە، یانە شاهانەکە دوایینجار لە ساڵی 2018، چوار یاریی لەسەر یەک بەرامبەربووە.
ریال ڤایادۆلید لەم سەدەیە واتە سەدەی بیست و یەکەم، تەنها یەک یاریی لە ناو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ براوە بووە، ئەویش ساڵی 2000 لە گەڕی کۆتایی خولی ئیسپانیا بوو، توانیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە ریاڵ مەدرید ببەنەوە.

.