ناتانیاهۆ: سوپا هەزاران مووشەکی حزبوڵلای لوبنانی لەناو بردووە

بنیامین ناتانیاهۆ
بنیامین ناتانیاهۆ

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپا بە هێزێکی زۆرەوە کار دەکات بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەیان.

بنیامین ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، چاودێریی جووڵەکانی حزبوڵلامان کردووە و سوپامان ئاراستە کردووە کە دەستپێشخەری بکەن بۆ لابردنی هەڕەشەکانی سەر وڵات.

جەختیشی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هەزاران مووشەکی حزبوڵلای لوبنانی لەناو برد، کە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرابوون. دەشڵێت: سوپا بەهێزێکی زۆرەوە کار دەکات بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە ڕێگەی بەرگری و هێرشەوە.

ناتانیاهۆ گوتیشی: داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکەم پابەندی ڕێنماییەکانی بەرەی ناوخۆ بن و ئێمە ئامادەین بەرگریی لە وڵاتەکەمان بکەین.

باسی لەوەش کرد، ئێمە سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی دانیشتووانی باکوور بۆ ماڵەکانیان بە سەلامەتی، هەروەها هێرشیش دەکەینە سەر ئەوانەی هێرشمان دەکەنەسەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاند "320 مووشەکمان بۆ ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیل هەڵداوە، هەروەها 11 بنکەی سەربازیشمان بۆردوومان کردووە، قۆناغی یەکەمی هێرشەکانمان بەسەرکەوتووی جێبەجێ کردووە".

لای خۆیەوە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ ئیسرائیلدا.

هەر سەبارەت بەو هێرشەوە، یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر باری ناکاویی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ئەویش بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵلای لوبنانیەوە بووە.

Fly Erbil Advertisment