سەرچاوەیەکی سەربازیی: ئەگەر ڕێگریی لە حەشدی شەعبی نەکرێت، هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت

هێزەکەی حەشدی شەعبی
هێزەکەی حەشدی شەعبی

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی دەڵێت، ئەگەر ڕێگریی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی نەکرێت، هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت. 

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر ڕێگریی لەو هێزەی حەشدی شەعبی نەکرێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، ناحیەی کۆڵەجۆی داگیر کرد، یان ناوچەکە چۆڵ نەکات، هەنگاوی دووەمیان داگیرکردنی ناوچە سنوورییەکانە و هەنگاوی سێیەمیش، کۆنترۆڵکردنی شاری سلێمانییە".

ئەمە لە کاتێکدایە دوای ڕادەستکردنی کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستان؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، یەکێتیی ناحیەی کۆڵەجۆشی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە ناحیەی کۆڵەجۆی داگیرکردووە، بە هێزەکانی پێشمەرگەی گوتووە، "ڕێککەوتنمان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتی کردووە، ئینجا هاتووینەتە ئێرە".

هێزەکەی حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدارن؛ بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکەوە دەستیان بەسەر ناحیەی کۆڵەجۆدا گرتووە و چەندین سەنگەریان لێ داوە.

ناحیەی کوڵەجۆ سەر بە قەزای کفرییە. ناوچەیەکی کشتوکاڵیی گەورە و دەوڵەمەندە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەلار – گوڵاڵە، بە دووری 15 کیلۆمەتر لە قەزای کەلار، سەرجەم دانیشتووانی کۆڵەجۆ و گوندەکانی دەوروبەری کوردن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوتوون، یەكێتی فەرمانی بە لیوای پێنجی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، ڕووبەڕووی هێزەکەی حەشدی نەبنەوە، چونکە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردوون.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هێزەکەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر بیرە نەوتەکانی کۆڵەجۆدا گرتووە و هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە نزیک بیرە نەوتەکان نەماوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان؛ لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، یەکێتی پارێزگای کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستانی، ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.