یونیتاد بەشی دووەمی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی داعشی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، یونیتاد بڕی (11.9) گێگا بایت زانیاری و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش ڕادەستی حکوومەتی هەرێم کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم پێشوازیی کرد لە ئانا پێرۆلۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتیی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت و تیمێکی یاوەری.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆتایی هێنانی ئەرکی یونیتاد لە عێراق و ڕادەستکردنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش بە لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێم.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کۆبوونەوەکەوه گوتی: لە میانەی هەماهەنگيمان لەگەڵ یونیتاد، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامە و زانیاریيانەی کە لەلایەن تیمی یونیتادەوە هاوبەشی پێ کراوە، ئەمڕۆ بەشی دووەمی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرێم کران، کە بریتییە لە (11.9) گیگا بایت زانیاری و لێکۆڵینەوە تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگایی تاوانباران بە تۆمەتی کردنی تاوانی نێودەوڵەتی (تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید) کە دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی ديكهیان کردووە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سوپاسی شاندی ناوبراوی کرد و بە پاڵپشتیی تەکنیکی بە لایەنە پەیوندیدارەکانی هەرێم کە ئامێری پێشکەتووی بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان لە پرۆسەکەدا بەکار هێناوە، کە لە داهاتوودا حکوومەتی هەرێم سوودیان لێ دەبینێت بۆ بەردەوامی پرۆسەکە.
سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی بەڵگەکان ئانا پێرۆلۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتیی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) گوتی: ڕۆژى پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، لە قۆناغی یەکەم یونیتاد (45.95) گیگابایت بەڵگەنامە و زانیاری کۆدکراو و پارێزراوی لە ڕێگای نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕادەستی حکوومەتی هەرێم کرد و بریتی بوون لەو زانیاریانەی کە یونیتاد لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگه پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتبوون.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێم لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ یونیتاد بەردەوام دەبێت و پاش تەواوبوونی ئەرکی یونیتادیش، هاوئاهەنگییەکە بەبەشداریی لەگەڵ وڵاتانی سێیەم بەردەوام دەبێت.