پێشەوا هەورامانی: دواکەوتنی مووچە هەڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لەسەر ھێڵە بۆ ئەوەی كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران چارە بكرێت و مووچەی مانگی حەفت و ھەشت دابەش بكرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی کێشە دواکەوتنی مووچە چارە بکرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەبێت.
ناوبراو دەڵێت: پێویست ناکات شاند سەردانی بەغدا بکات لەسەر کێشەی دواکەوتنی مووچە، بەڵکو ئەو بەرپرسانەی کە لە بەغدان و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بەشداری چەند کۆبوونەوەیەک دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکە چارە بکەن.
هەورامانی گوتیشی: بەغدا خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی دەکات، هەروەها دواکەوتنی مووچە هەڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.