ڕۆژی سێشەممە ڕێگەی باعەدرێ - دهۆک دادەخرێت
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی باعەدرێ، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە ڕۆژی سێشەممە (27ـی ئابی 2024) ڕێگەی باعەدرێ - دهۆک دادەخرێت و شۆفێران دەتوان ڕێگەی بەدریک - دهۆک بەکاربهێنن.
ڕێزان میرزا بەگ، بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ لە لێداونێکدا بۆ کوردستان24 ڕاگەیاند، بەهۆی کارکردن لە پرۆژەی ڕێگەی باعەدرێ - ئێتیت، ڕۆژی سێشەممە ئەم ڕێگەیە دادەخرێت و شۆفێران دەتوانن ڕێگەی بەدریک – دهۆک یانیش شێخان - دهۆک بەکاربهێنن.
بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئۆڤەرپاسی باعەدرێ بۆ گوندی دێدەڤان کە دەکەوێتە نێوان باعەدرێ و بازگەی گەلی دێرک، بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت و شۆفێران دەتوانن ڕێگەی نەهدارکێ کە لە شێخانەوە دەچێتە بازگەی گەلی دێرکی بۆ دهۆک یان ڕێگەی بەدریک - دهۆک بەکاربهێنن.
لە 3ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ - ئێتیتی دانا کە درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت، بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.
ناحیەی باعەدرێ سەر بە قەزای شێخانە لە سنووری پارێزگای دهۆک و لە 13 گوند پێکهاتووە. ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی ناحیەکە زیاتر لە 24 هەزار کەسە زۆرینەی دانیشتووانی کوردانی ئێزدین.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 959 پڕۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گوژمەی پتر لە یەک ترلیۆن و 81 ملیار دینار جێبەجێکراون و "بە شێوەیەکی دادپەروەرانە" بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون.