ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی ژینگەپارێزی دووپات دەکاتەوە
بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی مەریوان و ژینگەپارێزانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یادی شەهیدانی ژینگەپارێز لە مەریوان کرایەوە.
شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی، دوو چالاکی ژینگەپارێز و ئەندامی سەرەکیی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بوون، شەش ساڵ لەمەوبەر لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەریوان، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان سپارد و لە ناو ئاگردا سووتان.
لەو کاتەوە لە لایەن هاووڵاتییانی مەریوانەوە نازناوی شەهیدانی ژینگەیان پێ بەخشرا و هەموو ساڵێ لەسەر مەزارەکەیان یادیان دەکرێتەوە.
یەکێک لە بەشداربووانی یادەکە دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتیی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە چڕ و پڕ بوو، پەیامێک بووە بۆ ئەوەی بگات بە گوێچەی ئەو کەسانەی دوژمنی ژینگەن، بۆ ئەوەی بزانن هاووڵاتییان بێئاگا نین لەو وێرانکاریی و خراپەکارییە بەرامبەر بە ژینگەی نیشتمان دەکرێت.
خانمێکی دیکەی چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: ئەم یادە، پەیامێک بۆ یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی بۆ پاراستنی ژینگەی زنجیرە چیای زاگرۆس و سەرتاسەری کوردستان.
ژینگەپارێزانی مەریوان و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەپکەگوڵی ڕێز و وەفایان لەسەر مەزاری شەهیدانی ژینگە دانا و بەڵێنیان پێ دان لەسەر ڕێگا و ڕێبازی ئەوان کە پاراستنی ژینگەی کوردستانە بەردەوام بن.
ئەمساڵ، زانایانی ئایینیی ناوچەکەش لە ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و باسیان لە پێویستیی یەکدەنگی و یەکگرتووییی کورد و ئەو مەرترسییانە کرد کە 100 ساڵە لەسەر کورد و خاک و ژینگەی کوردستان هەیە.
کەسایەتییەکی ئاینیی شاری مەریوان، لە گوتارێکدا پەیامێکی ئاراستەی ئامادەبووان و تەواوی ژینگەدۆستان و خەڵکانی دیکەش کرد و گوتی: تکا دەکەم، هیچ کەسێک لە ژێر هیچ ناو و پاساوێک جا بە ناوی دین بێت یان دونیا، نابێ پێشێلیی بەرانبەر بە ژینگە بکرێت، هەربۆیە دەبێت میللەتی کورد هۆشیار بێتەوە و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت، چونکە ئێستا کە لە سەدەی 21 داین، هەر مافخوراوین وەک ئەوەی 100 ساڵ لەمەوبەر وایە.
ئەم دوو شەهیدەی ژینگە، ساڵێک بەر لە شەهید بوونیان و لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بە هاناوەچوونی لێەقەوماوانی ئەم پارێزگایە هەبوو. هەر بۆیە گرووپێکی هونەرمەندی تەموورژەنی پارێزگای کرماشان کە پەیرەوی ئایینی یارسانن، لە ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵی شەهیدانی ژینگەدا بەشدار بوون و بە تەموور و ئاوازی ڕەسەنی کوردی، یادی ئەو شەهیدانەیان کردەوە.