ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ڕۆژنامەنووسان و مافەکانی مرۆڤ داوای سزادانی ئیسرائیل دەکەن

نزیکەی 60 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە بواری داکۆکیی لە ڕۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی ئابی 2024، داواکارییەکی ئاراستەی یەکێتیی ئەورووپا کردووە، بەهۆی پێشێلکردنی ئازادیی مێدیایی و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، ڕێککەوتنی هاوبەشیی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت.

لە نێو ئەو ڕێکخراوانەی ئیمزایان کۆکردووەتەوە، ناسراوترینیان ڕێکخراوەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی بێسنوور، هیومان ڕایتس وۆچ و یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ئەورووپا هەن. لە داواکارییەکەیاندا ئاماژەیان داوە، لە 7 ی تشرینی یەکەمەوە حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ کە سەرکردایەتیی شەڕ دەکات، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ سنووردارکردنی ئازادی مێدیا گرتۆتەبەر، ئەمەش بووەتە هۆی سانسۆرکردن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان.

ڕێکخراوەکان داوایان لە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ڕێکخراوەی یەکێتی ئەورووپا، ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکیس، بەرپرسی کۆمیسیۆنی بازرگانی ڕێکخراوەکە کردووە کە ڕێککەوتنەکانی کاری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرن و سزاش بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

ڕێکخراوەکان لە نامەکەیاندا ئاماژەیان داوە "تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 100 ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی، دوو ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی و سێ ڕۆژنامەنووسی لوبنانی کوژراون، ئەم ماوەیە بەراورد بە چەند دەیەی ڕابردوو زۆرترین پێشێلکاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە، کە بەشێکیان ڕاستەوخۆ و بە دەستی ئەنقەست کوژراون".

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی بەردەستی ڕێکخراوەکان، لەوەتەی سوپای ئیسرائیل چووەتە نێو کەرتی غەززە، ڕەشبگیریی  مێدیاکارانی دەست پێ کردووە و نزیکەی 49 ڕۆژنامەنووس و مێدیاکاری دەستگیر کردووە.

ڕێکخراوەکان دەڵێن: کاریگەرییەکانی کەڵەکەبوونی ئەم پێشێلکارییانە دۆخێکی خراپ و تۆقێنەر لەبەردەم بۆشایی مێدیایی دروست دەکەن، بە پێچەوانەشەوە ڕێگە لەبەردەم پەیام و زانیاری چەواشەکاری مێدیایی واڵا دەکات.

نامە و داواکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان و مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدایە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بڕیارە لە پێنجشەممە 29ـی ئەم مانگە لە برۆکسل بەڕێوە بچێت، هەربۆیە داوایان کردووە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێکاری توند بەرانبەر بە ئیسرائیل بگیرێتەبەر لە پێناو پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و کاری مێدیایی و پاراستنی ژیانی رۆژنامەنووسان.