شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایش دوو حەشارگەی داعشمان لە کەرکووک وێران کرد

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئابی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەواڵگری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان توانیویانە دوو حەشارگەی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک وێران بکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ئەمنیدا هاتووە، لە چوارچێوەی کارێکی هاوبەش و یەکخستنی هەوڵ و زانیارییە هەواڵگرییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری سەربازیی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، هێزێکی تایبەتی فەوجی یەکی لیوای 63 لەگەڵ یەکە هەواڵگرییەکانی فیرقەی هەشتەم و هێزێکی ئاسایشی سلێمانی ئۆپراسیۆنێکی جۆری لە سنووری ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک لە چیای بۆر نزیک شارەدێی لەیلان جێبەجێ بکەن.

هەروەها ئاماژەیداوە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا توانراوە دوو حەشارگەی تیرۆریستانی داعش وێران بکرێن و دەستیش بەسەر چەند پارچە و کەلوپەلی جۆراوجۆردا بگرن.