لە هەرێمی کوردستان یەکەم لێکۆڵینەوە لەسەر خواردنەوە وزەبەخشەکان کرا

لە هەرێمی کوردستان، یەکەم لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەریی خواردنەوە وزەبەخشەکان لەلایەن هەردوو زانکۆی دهۆک و زاخۆوە کرا.
هەردوو زانکۆی دهۆک و زاخۆ، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشیان لەبارەی کاریگەریی خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر جەستەی مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەت لەسەر ژمارەیەک پارامێتەری دڵ، دەمار و سایکۆلۆژی؛ ئەنجام دا.
لێکۆڵینەوەکە بە سەرپەرشتیی پ. د. هەژمەت عەلى، مامۆستای کۆلیژی پزیشکیی دهۆک و د. ئالان موبارەك، مامۆستای كۆليژی پزيشكیی زاخۆ، بە هاوکاریی ژمارەیەک قوتابی کراوە و لە گوڤاری "كيوريەس"ـی پزيشكى نێودەوڵەتی بڵاو بووەتەوە.
پ. د. هەژمەت عەلى، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی لێکۆڵینەوەکە، بە کوردستان24 ڕاگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوە وزەبەخشەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دڵ و دەماری جەستەی مرۆڤ هەیە؛ بە جۆرێک، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و زیادبوونی لێدانی دڵ.
بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە، خواردنەوە وزەبەخشەکان، سایکۆلۆژی مرۆڤ تێک دەدات و دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو، هەستکردن بە ماندووبوون و توڕەبوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 31 جۆر خواردنەوەی وزەبەخش دەفرۆشرێن؛ چەندین جاریش تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی دەستیان بەسەر ئەو جۆرانەدا گرتووە کە بە قاچاغ هێنرابوون و شیاو نەبوون بۆ بەکارهێنان.
