لیوا ڕوکن هۆشمەند ڕەشید: تا ساڵی 2026 هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی یەک دەخرێن

لیوا ڕوکن هۆشمەند ڕەشید، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ کارووباری ئیدارە و میری وەزارەتی پێشمەرگە
لیوا ڕوکن هۆشمەند ڕەشید، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ کارووباری ئیدارە و میری وەزارەتی پێشمەرگە

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ کارووباری ئیدارە و میری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: بۆ ساڵی 2026، تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە یەک دەخرێن و دەچنە ژێر چەتری یەک بڕیار لە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی پێشمەرگەدا.

دووشەممە 26ـی ئابی 2024، لیوا ڕوکن هۆشمەند ڕەشید، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ کارووباری ئیدارە و میری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە دەمێکە کاری بۆ دەکرێت و هەنگاوی بۆ نراوە، لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغی باشی بڕیوە، دەڵێت: ئەگەر توانرا هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر یەک چەتردا کۆ بکرێنەوە، ئەوکاتە دەتوانین بڵێین هێزێکی تۆکمەمان هەیە کە دەتوانێت بڕیارەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکات، دەشڵێت: ئێستا یاساکانی چاکسازیی لە وەزارەتی پیشمەرگە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتن تا ساڵی 2026، ئەو هێزانەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن ڕێک دەخرێنەوە، دواتر فەرمانەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەوە وەردەگرن.

لەبارەی جموجۆڵی هێزە نایاساییەکانی دوێنێ لە کۆڵەجۆ خۆیان گەیاندە نزیکی بیرە نەوتەکان، لیوا ڕوکن هۆشمەند ڕەشید دەڵێت: دەستبەجێ وەزارەتی پێشمەرگە هاتە سەر هێل، لەگەڵ سەرۆکی ئەرکان کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق هەوڵیاندا گرژی دروست نەبێت، دەشڵێت: وەزارەتی پێشمەرگە لێژنەیەکی بۆ ئەو ڕووداوە پێکهێنا، لەگەڵ ئەوەی لیوای پێنج ڕۆڵی باشی بینی لە ڕێگریی کردن لەو هێزە چەکدارەی مەبەستیان بوو دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن.

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ کارووباری ئیدارە و میری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: یەک فەرمانی لە سەرچاوەیەکی سەربازیی گرنگە، ئێمە لە قۆناغێکین دەچینە ژێر یەک بڕیاڕ بۆ جووڵە پێکردنی هێزەکان ، دەشڵێت: ئەو لیوایانەی لە کۆڵەجۆ  ڕێگرییان لە هێزە چەکدارە نایاساییەکە کرد، بە فەرمانی وەزارەتی پیێشمەرگە جووڵەیان کرد.

گوتی: سەرکردایەتی سیاسی دووپات دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە لەژێر یەک بڕیاردا بێت، بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوو ڕوویاندا بەتایبەت لە 16ـی ئۆکتۆبەردا، دووبارە نەبنەوە و پێشمەرگە لەژێر یەک فەرماندا بێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، دەسەڵاتی جووڵەپێکردنی هێزی پێشمەرگەی هەیە، مەرجەعی باڵا دەتوانێت هێزەکان جووڵە پێ بکات.

لەبارەی بوونی داعش لەو ناوچەیە،، لیوا ڕوکن هۆشمەند ڕەشید گوتی:لە کۆڵەجۆ داعش نییە، بەڵام ئەو هێزە نایاساییانە  ویستیان بزانن پێشمەرگە چ توانایەکی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، گوتی: ئەگەر لە جێگایەکی دیکە ئەوە دووبارە بکەنەوە، جێی گومانە، چونکە بۆ ئەو جمووجۆڵە هیچ زانیارییەک لای پێشمەرگە نەبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو جموجۆڵە سەربازییە وەکو زەنگ ئەژمار بکەن وەک پێشمەرگە، دەڵێت: رووداوی کۆڵەجۆ هۆکارەکەی بۆشایی ئەمنییە ، لە دوێنێوە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری داوە ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە.