وەزارەتی تەندروستی هاوکارییەکانی سەنتەری شا سەلمانی پێ گەیشت
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هاوکارییەی وەرگرت کە سەنتەری شا سەلمان بۆی ناردبوو.
وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاوە خەلیل بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی، هاوڕێ لەگەڵ جێگری کونسوڵی گشتیی شانشینی سعوودی عەرەبی و بەرپرسی بەشی عێراق لە سەنتەری شا سەلمانی سعوودی، ئامادەی مەراسیمی وەرگرتنی هاوکارییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکیی بوون لە کۆگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ دەرمان و پێداویشتیی پزیشکی.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەرپرسی سەنتەری شا سەلمان، ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەرەکەیان.
لە بەرامبەردا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، سوپاسی سەنتەری شا سەلمانی سعوودیە و کونسوڵگەری سعوودیە و هاووڵاتیان و حکوومەت و شانشینی سعوودیەی کرد بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریی بەردەوامیان، هاوکات ستایشی سەنتەرەکەی کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە سێکتەری تەندروستی هەرێمی کوردستان.