ئەمەریکا: مەترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا کەم بووەتەوە

چارلز بڕاون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا  - هێرزی هالێڤی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل
چارلز بڕاون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا - هێرزی هالێڤی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل

جەنەراڵ چارلز براون، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوای هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵلای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل، مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بووەتەوە، بەڵام ئێران هێشتا مەترسییەکی گەورەیە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

چارلز براون کە بە گەشتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دوای ئوردن سەردانی ئیسرائیلی کرد و لە تەلئەڤیڤەوە ڕایگەیاند: ئەو هێرشە درۆن و مووشەکییانەی حزبوڵلا لە 25ی ئەم مانگە کردیە سەر ئیسرائیل و لە بەرانبەردا هێزی ئاسمانی هێرشی کردەوە سەر سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکەکانی حزبوڵلا، ئێستا مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوان لە ناوچەکە دامرکاوەتەوە، چونکە لە 10 مانگی ڕابردوودا و لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەمە گەورەترین هێرشی حزبوڵلا بووە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل.

جەنەڕاڵ براون، ئاماژەی داوە "هەرچەندە مەترسییە ڕاستەوخۆکانی فراوانبوونی شەڕ تاڕادەیەک کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەڕەشەکانی ئێران لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بۆ تۆڵە سەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس جددین و جێگەی مەترسین".

جەنەراڵ چارلز براون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا ڕاشیگەیاندووە، دوای ئیسرائیل سەردانی میسریش دەکات.