بەردی بناغەی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە سۆران داندرا
لەچوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داندرا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت: بە دروستکردنی ئەو باڵەخانەیە، نەخۆشانی سۆران پێویستییان نابێت چیتر بۆ چارەی نەخۆشییەکانیان سەردانی هەولێر بکەن.
سێشەممە 27ـی ئابی 2024، بەردی بناغەی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لەنێو نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داندرا.
لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەکەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بایەخمان بە کەرتی تەندروستی داوە بەو ئامانجەی هاووڵاتیانی سۆران پێویستیان نەبێت بۆ چارەی نەخۆشییەکانیان بچنە هەولێر. گوتیشی: بە پاڵپشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەکانی دیکە،کەرتی تەندروستی پشکی شێری بەرکەوتووە، هەنگاوەکانمان بەو ئاراستەیە کێشەکانی تەندروستی لە سنوورەکە چارە بکەین.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوە کرد "بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، قەرەباڵغی نێو نەخۆشخانەکە کە ئێستا هەیە، نامێنێت ".
دواتر دکتۆر کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا گوتی: پرۆژەکەی ئەمڕۆ بناغەی لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاریی سۆران بۆ دادەنرێت، بریتییە لە سێ قۆناغ و بە 765 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ڕایگەیاند: پرۆژەکە پێک هاتووە لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی، نهۆمی یەکەمی پێکهاتووە لە 10 ژووری ڕاوێژکاریی کە وا دەکات چیتر هاووڵاتییان لە نۆرەی دوور و درێژ نەوەستن بۆ گەیشتن بە پزیشکەکان، هاوکات پزیشکی پسپۆری جیاواز زیاتر دەکرێن و ئامادە دەبن لە نەخۆشخانە.
نهۆمی دووەمیش پێک هاتووە لە زیادکردنی سێ هۆڵی نەشتەرگەریی پێشکەوتوو مۆدێرن بە تەواوی ئامێرەکان و پێداویستییەکانی، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکە ئێستا چوار هۆڵی نەشتەرگەریی هەیە، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، نەخۆشخانەکە دەبێتە خاوەنی حەوت هۆڵی نەشتەرگەریی، ئەوەش وا دەکات نۆرەی نەخۆشان بۆ نەشتەرگەریی بۆ نیوە کەم بێتەوە.
دەڵێت: نهۆمی سێیەمیش بریتیە لە سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلە کە پێکهاتووە لە 20 ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە و 20 تەختی نەخۆش، ئەوەش نۆرەی نەخۆشان کەم دەکاتەوە.