كوردستان لەبەردەم بەشداریكردن لە 2 جامی جیهانی
دوای ئەوەی بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تیپە میللییەكانی جیهان دامەزرا، لە هەولێرئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی چەند ناوبژیوانێكی كورد بەشداریی لە مۆندیالی تیپە میللیەكانی جیهان بكرێت، پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستانیش بە تیپێك بەشداریی لە مۆندیالی تیپە میللییەكان بكات.
لە 2015 بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تیپە میللییەكان دامەزرا و بارەگایەكەی لە وڵاتی ئیكوادۆرە، 50 وڵات لە كیشوەرەكانی، ئەفریقیا، ئەمریكا، ئاسیا و ئەورووپا تێیدا ئەندامن. عێراق یەكێكە لە وڵاتانی ئەندام لەو فیدراسیۆنە، بڕیاریشە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار مۆندیالی تیپە میللییەكانی جیهان لە شاری ئەنتالیای توركیا بەڕێوە بچێت. هەر تیپێكی بەشداربوو بە 7 یاریزان یاریی دەكات.
لە عێراق فیدراسیۆنی تیپە میللیەكان دامەزرا و سەرۆكی ئەو فیدراسیۆنە لە هەمانكاتدا سەرۆكی فیدراسیۆنی تیپە میللییەكانی كیشوەری ئاسیاشە، لە هەولێریش لقی تیپە میللییەكانی عێراق كراوەتەوە و سەرۆكی لقەكە كوردە، ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابینكردنی بودجەی تایبەت بۆ ئەوەی بۆ دووەمساڵ لەسەریەك خولی تیپە میللیەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی عێراق بەشداریی لە جامی جیهانی تیپە میللیەكان بكات، لەم پێناوەیشدا خولێكی ناوبژیوانی ئاسیایی تایبەت بە خول و پاڵەوانێتییەكانی تیپە میللییەكان لە شاری هەولێر كرایەوە، لە هەولێر چەند كوردێك بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئاسیایان بەدەستهێنا و بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكانی خولی 7 یاریزانی، لە نێویاندا لە شاری هەولێر (سەرتیپ شێخ محەمەد، كارزان فەیسەڵ، گۆران و عەبدوڵڵا قادر) بەشداربوون، لە شاری سلێمانی (هەستیار بەختیار، رێكار محەمەد و میران نوری) نمرەی بەرزیان لە خولەكە بەدەستهێنا، مەریوانیش وەكو نوێنەری شاری كەركووك بڕوانامەی ناوبژیوانی بۆ بەڕێوەبردنی خولی تیپە میللییەكان بەدەستهێنا.
سامی بندیان ئەندامی فیدراسیۆنی تیپی میللیەكانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند كار بۆ ئەوە دەكەن كە چەند ناوبژیوانێكی كورد ئامادە بكەن بۆ بەڕێوەبردنی مۆندیالی تیپە میللییەكانی جیهان كە بڕیارە لە ناوەراستی مانگی 11ـی ئەمساڵ لە وڵاتی توركیا بەڕێوەبچێت.
سامی بندیان ناوبژیوانی پێشووی خولەكانی كوردستان و عێراق هیوای ئەوەشی خواست تیپێكی كوردستان پاڵپشتی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بەشداریی لە مۆندیالی تیپە میللییەكانی جیهان بكات، گوتیشی: لە مۆندیالی تیپە میللییەكان رێگە بە عێراق دراوە بە 3 تیپ بەشداریی بكات، بۆیە ئێمەش دەتوانن لە كوردستان بە تیپێك بەشداریی بكەین.
لە لایەكی دیكەیشەوە، سامی بندیان ئەندامە كوردەكەی فیدراسیۆنی تیپە میللییەكانی عێراق لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا بە كوردستان24ـی راگەیاند جگە لە مۆندیالی تیپە میللییەكانی جیهان، لە وڵاتی توركیا مۆندیالی دێرینەكانیش بەڕێوەدەچێت، لەمبارەیەوە دەڵێت: هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی تیپێك لە كوردستان بەشداریی لەو مۆندیالە بكات كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە توركیا بەڕێوەبچێت.
لە مۆندیالی تیپە میللییەكانی جیهان دەبێت هەر تیپێك بە 7 یاریزان بەشداریی بكات و تەمەن سنووری نییە و هەموو تەمەنێك مافی ئەوەی هەیە بەشداریی تێدا بكەیت، بەڵام لە مۆندیالی دێرینەكان تەمەن دیاریكراوە، ئەوانەی بەشداریی دەكەن نابێت تەمەنیان لە 40 ساڵ بچووكتر بێت، تەنیا رێگە بە دوو یاریزانی لە دایكبووی 1986 و 1985 دەدرێت.