بەشێکی دیکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا 

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

بڕی 550 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا. 

سێشەممە، 27-08-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەمێک پێش ئێستا وەزارەتەکەیان، بڕی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، ئەم بڕە پارەیە بەم زووانە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە، وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، سەرەڕای ماوەی زیاتر لە 33 ڕۆژە لیستی مووچە بۆ بەغدا نێردراوە و وردبینیش لە هەموو لیستەکان تەواو بووە.

یەکشەممە، 25-08-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  "بەغدا خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی دەکات، چونکی دواکەوتنی مووچە هەڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە".

هەورامانی باسی لەوەش کرد "بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی دواکەوتنی مووچەی لە بەغدا، چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەبێت".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.