باڵیۆزی پاکستان لە عێراق: سەرنج دەخەینە سەر هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کوردستان پێویستی پێیەتی

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێرو محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێرو محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق

محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق دەڵێت: پێشکەوتن و ئارامیی هەرێمی کوردستان سەرنجمی ڕاکێشا، دەشڵێت: سەرنج دەخەینە سەر هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کوردستان پێویستی پێیەتی.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەلێر بڵاوی کردەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر پێشوازیی لە محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ژوورەکە، گەیلان حاجی سەعید، لەو دیدارە باسی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان پاکستان و هەرێمی کوردستانی کرد، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە، ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ وەبەرهێنان، گوتی: پاکستان دەتوانێت هاوکار و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان بێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری.

سەرۆکی بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر داوای کرد لە ڕێگەی باڵیۆزخانەوە هەوڵبدەن پەیوەندی لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی پاکستان دروست بکەن.

لە بەرامبەردا محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە، هاتوون بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی پەیوەندی ئابووری نوێ لە نێوان وڵاتی پاکستان و هەرێمی کوردستان، گوتیشی: پێشکەوتن و ئارامی هەرێمی کوردستان سەرنجی ڕاکێشام.

محەممەد زیشان ئەحمەد ڕایگەیاند: هەوڵ دەدەن یاداشتنامەیەک لەنێوان ژوورە بازرگانیەکانی پاکستان و هەولێر ئیمزا بکرێت. ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا چەند بەرهەمێکی دیاریکراو هەناردەی عێراق دەکەن. ئاشکرای کرد کە قەبارەی ئاڵۆگۆڕی نێوان پاکستان و عێراق ساڵانە 250 ملیۆن دۆلارە. باڵیۆز ئەوەشی ڕاگەیاند: سەرنج دەخەنە سەر هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە کوردستان پێویستی پێیەتی، دوایین چالاکی بازرگانی نێوان هەردوولاش، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەیەك بوو لە نێوان دوو کۆمپانیای پاکستانی و کوردی کە بریتییە لە هەناردەکردنی ڕۆژانەی 170 تۆن گۆشتی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment