ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنی دا هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شولتز، دوو ڕۆژ دوای هێرشەکەی ئەڵمانیا، کە سێ کەسی تێیدا کوژرا، بەڵێنی دا دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران چڕتر بکاتەوە.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆلتز، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ شاری سۆلینگن، کە لەوێ سێ کەس بە چەقۆ کوژران، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەوە ڕەخنەی لێگیرا و حکوومەتەکەی بەوە تۆمەتبار کرا کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کۆچبەراندا شکستی هێناوە.
شولتز، لە شاری سۆلینگن کە تاجە گوڵینەی لە شوێنی هێرشەکەدا دانا و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوانەی ڕێگەیان پێنادرێت لە ئەڵمانیا بمێننەوە، دیپۆرت بکرێنەوە. ئەمە کارێکی تیرۆریستانە بوو بەرامبەر بە هەموومان.
هێرشەکەی شەوی هەینی کە سێ کوژراو و هەشت برینداری لێ کەوتەوە، هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنە هەرێمییەکانە و فشاری خستۆتە سەر سەرۆکی حکوومەت.
ڕۆژێک پاش ڕووداوەکە، گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، خۆی ڕادەستی بەرپرسان کرد و بە گوتەی پۆلیس، ئەو کەسە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە.
هەروەها ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە و لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە "تۆڵەی موسڵمانانی فەڵەستین و هەموو شوێنێکیان کردووەتەوە". بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتی فیدراڵی لە کارلسروە، گومانلێکراوەکە ویستوویەتی زۆرترین کەس بکوژێت.
بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتی "کوژراو و بریندارانی فێستیڤاڵەکە بە چەقۆ لە پشت و مل سینگیان دراوە، بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا، گومانلێکراوەکە کە ناوی عیسایە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2022 گەیشتووەتە ئەو وڵاتە و فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی بۆ بوڵگاریا دراوە، چونکە لەوێ پەنجە مۆری هەبووە و دەبوایە داوای مافی پەنابەری لە بولگارییە بکات.
پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئەڵمانیا، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تۆمەتبار کرد بە وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران. پارتەکە داوای هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەیان دەکات.
ڕۆبێرت هابیک، پێشنیاری توندکردنی یاساکانی چەک کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هیچ کەسێک لە ئەڵمانیا پێویستی بە چەقۆ نییە لە شوێنە گشتییەکاندا، ئێمە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ناژین".
بەڵام سەرکردەی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی، فریدریچ مێرز گوتی: پێشنیارەکە زۆر ترسنۆکانەیە و جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکە لە چەقۆ نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو کەسانەدایە کە هەڵیدەگرن و داوای لە حکوومەت کرد "وەرگرتنی پەنابەران لە سووریا و ئەفغانستانەوە ڕابگرێت".