باڵیۆزی پاكستان دەستخۆشی لە حكوومەت و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دەکات
سێشەممە، 27ی ئابی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە محەممەد زیشان ئەحمەد، باڵیۆزی پاكستان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی "باڵیۆزی پاكستان لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئاوەدانی و ئارامی و ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و دەستخۆشیی لە حكوومەت و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان كرد".
باڵیۆزی پاكستان، لە عێراق ئەوەشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییەكی نزیكی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی بازرگانی و فەرهەنگیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێ.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەروەها هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.