کارکردن لە پرۆژەی ڕێگەی سماقوڵی دەست پێدەکاتەوە
K24 – هەولێر:
کارکردن لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی سماقوڵی دەست پێدەکاتەوە و پڕۆژەی رێگەی (سکتان-هیران)یش دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
رۆژی سێشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ قایمقامی کۆیە، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەولێر، بەڕێوەبەری ناحیەی سکتان، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی کۆیە و هەردوو بەڵێندەری پرۆژی نۆژنکردنەوەی ڕێگەی سماقوڵی و پڕۆژەی ڕێگەی سکتان هیران، گفتوگۆ لەسەر هەردوو پڕۆژەکە و چارەی گرفتەکان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پڕۆژەی نۆژنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی سماقوڵی دەست پێبکاتەوە و بەڵێندەر و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ڕاسپێردران بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە.هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێکار و بڕیاری پێویست درا بە مەبەستی چارەرکردنی ڕێڕەوی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان.
پرۆژەی ڕێگەی (سکتان-هیران) تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، دوای تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکان و گۆڕانکارییەکان، بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.