کۆریای باکوور سیستەمێکی نوێی مووشەکهاوێژ تاقی دەکاتەوە
مێدیای فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی مووشەکهاوێژی 240 ملم کرد و بە سەرکەوتوویی سیستەمە نوێیەکەی تاقیکردەوە.
سێ مانگ دوای ئەوەی کۆریای باکوور هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی سیستەمی مووشەکهاوێژی 240 ملمی بە درێژایی سنوورەکانی لە کۆریای باشوور کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە کیم جۆنگ ئون سیستەمەکەی تاقیکردەوە و ڕایگەیاند، مووشەکەکان دەگەنە ناو جەرگەی سیئۆل.
ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور ئاماژەیداوە، مووشەک هاوێژەکان لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە نوێکاریان تێدا کراوە و پەرەی زیاتریان پێدراوە، لەوانە توانای ئەوەیان بۆ زیادکراوە کە لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن و لە وێرانکردندا کاریگەریان زیاتر بیت.
لە شوباتی ئەمساڵدا، پیۆنگ یانگ ڕایگەیاند، سیستەمێکی نوێی کۆنتڕۆڵی مووشەکهاوێژی 240 ملم پەرەپێداوە کە کاریگەری لەسەر سیستەم و توانای بەرگرییەکانی هێزی کۆریای باکوور دەبێت و لە نیسانی ڕابردوو یەکەم تاقکردنەوەی کرد و ئەمڕۆکەش دوای تاقیکردنەوەی بۆ مووشەکەکە کردووە، ئەمەش دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە مۆدێلێکی نوێی درۆنی خۆ تەقێنی تاقیکردەوە.