تورکیا کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکە لە سلێمانی ڕادەگەیەنێت

وێنەی ئەو بەرپرسەی پەکەکە کە کوژراوە
وێنەی ئەو بەرپرسەی پەکەکە کە کوژراوە

دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکەی لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند.

چوارشەممە، 28-08-2024، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکیدا لە شاری سلێمانی، "گوڵستان تەکیک"ـیان کوشتووە کە بەرپرسێکی "پەکەکە/کەجەکە" بووە.

 

وێنەی ئەو بەرپرسەی پەکەکە کە کوژراوە
وێنەی ئەو بەرپرسەی پەکەکە کە کوژراوە

 

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر دژە تیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 23ی ئابی 2024، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران.

 

وێنەی ئۆتۆنێلەکە لە دوای بۆردومانکردنی
وێنەی ئۆتۆمبێلەکە دوای بۆردوومانکردنی

 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانیان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 38 چەکداریان کوشتووە کە زۆربەیان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' بوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2024ەوە کوژراون گەیشتووەتە هەزار و 763 کەس، لەوانە 868 کەسیان لە هەرێمی کوردستان و 895 کەسیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونە.