یادگار مەحموود: هەندێ لە نوێنەرە کوردەکان بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەوانەن کە دژی فیدراڵیین

یادگار مەحموود، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
یادگار مەحموود، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەندێ لە نوێنەرە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق بوونەتە بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەوانەی دژی سیستەمی فیدراڵیین.

چوارشەممە 28ـی ئابی 2024، یادگار مەحموود، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە 2014 ەوە کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا دەستی پێکرد ئەوکاتەی بوودجەی کوردستان لە بەغداوە بڕدرا، ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت: پرسی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتە بابەتێکی سیاسیی، چونکە هیچ بیانوێک نیە بۆ دواخستنی ئەو مووچەیە، ئەگەر کێشەیەک بنەمای هەبێت، دەتوانرێ لەڕیگەی لێژنەکانەوە چارەسەر بکرێت.

دەشڵێت:ئەو سیستەمەی هەژمارییەی بەغدا کاری پێدەکات هی ساڵی 1950 یە و جیاوازە لە سیستەمی هەژماریی هەرێمی کوردستان.

گوتی: جێبەجێنەکردنی بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵی، ئەجێندایەکی سیاسی لە پشتە، سەرباری ئەوەش پێشێلی دەستوور دەکرێت، دەڵێت: پرسی نەناردنی مووچە بووەتە گورزێکی بەهێز  لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەدرێت، گوتی: ئەوە پێمان دەڵێت بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەستوور و ڕێککەوتنی سیاسی بەهایان نییە، ئەجێندا ئیقلیمییەکان ڕێگە نادەن ئەو بڕیاڕ و پرەنسیپانە جێبەجێ بکرێن.

دەشڵێت: نەبوونی یەک گوتاریی و یەک هەڵوێستی کورد لە بەغدا، لە بەرژەوەندی سیستەمی فیدراڵی و  ئەو هەرێمە دەستوورییە نییە، گوتی: لە خوولەکانی پێشوو هەندێک لە نوێنەرە کوردەکان پشتیوانی ئەو سیاستە خراپەی بەغدا بوون بەرامبەر کوردستان، هاوکات بوونە بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەوانەی  بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی نەبوو، ئێستاش نییە،دەڵێت: ئەگەر یەکگرتوو بوونایە بەهێزتر دەبووین لە بەغدا.