عێراق داوا لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات هاووڵاتیانی خۆیان لەکەمپی هۆل ببەنەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، داوا لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دەکات، هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆلی سووریا بگەڕێنێتەوە وڵاتەکانیان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی قاسم ئەعرەجی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، قاسم ئەعرەجی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە کاتی میوانداریکردنی لە ئەنجوومەنی هاوپەیمانی ناتۆ کە لەسەر بانگهێشتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە هاوپەیمانێتییەکە مارکۆ پیرۆناچی چووە، پێداچوونەوەیەکی بە بەرنامەی کاری حکوومەت کردووە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ئەولەویاتی ستراتیجی بۆ عێراق، هەروەها هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا داوای عێراقی بە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا گەیاند و گوتی: داوا دەکەین هاووڵاتیانی خۆیان له کەمپی هۆلی سووریا بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان، چونکە مەترسی گەورەی لەسەر کەمپەکە دەبێت.
گوتیشی: ناتۆ لە هاوکاری کردنی عێراق بەردەوام دەبێت، لەبوارەکانی مەشقپێکردنی هێزەئەمنییەکانی عێراق و سوود وەرگرتن لە پسپۆڕییەکانی هاوپەیمانان، بەبێ هیچ بەشدارییەکی سەربازی و چەکداری.
لای خۆیانەوە نوێنەرانی وڵاتانی ناتۆ ستایشی بەردەوامی هاوکاری عێراقیان کرد، لەبواری پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.