لە سەڵاحەددین تەواوی خێزانێک دەکوژرێن و تەرمەکانیان دەسووتێنرێن

وێنەی پارێزگای سەڵاحەددین
وێنەی پارێزگای سەڵاحەددین

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان کوشووە و دواتر تەرمەکانیان سووتاندووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای سەڵاحەددین لە لێدوانێکدا بۆ سۆمەرییە نیوز ڕایگەیاندووە، لەشارۆچکەی بێجی لە باکووری خۆرئاوای پارێزگاکە، چەند کەسێکی نەناسراو بە جلی سەربازییەوە تەواوی خێزانێکیان کوشتووە و تەرمەکانیان سووتاندووە.

سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، چەکدارەکان باوک و دایک و کچەکەیان کوشتووە، دواتر تەرمەکانیان سووتاندووە و هەڵاتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستە تیمی پزیشکی دادوەری گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی تۆمەتباران، هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش لە گەڕانن بەدوای تاوانبارەکاندا.