ئەحمەد سەفار: مووچە مافە نەوەک داخوازی
بڕیاردەرێکی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پرسی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە جێبەجێکردنی یاسای بوودجە چارە دەبێت، دەشڵێت: مووچە مافە نەوەک داخوازی.
چوارشەممە 28ـی ئابی 2024، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد "بابەتی مووچە و دارایی و ئابووری، بە یاسای بودجەی گشتی ڕێک دەخرێت، لەو یاسایە داهاتی گشتی و خەرجی گشتیی هەیە. یەک لە بەندەکانی خەرجی، مووچەی فەرمانبەرانە کە مەرجە لەسەر حکوومەت مانگانە بەپێی ئەو یاسایە مووچەی فەرمانبەران بدات، بەڵام چەند ساڵە یاساکە جێبەجێ ناکرێت". ئەحمەد سەفار دەڵێت: پرسی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەچوونی شاندەکان چارە نابێت، چونکە ئەوە داخوازیی خەڵکی کوردستان نییە، ئەوە مافی مووچەخۆرانی کوردستانە.
سەفار گوتی: نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان پەیوەستە بە ململانێ سیاسییەکانەوە. لە عێراق ڕێز لە دەستوور و یاسا ناگیرێت، بوودجەی 2024 تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. هەندێ لایەن لە بەغدا سیاسەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دێنن، بەتایبەت کە هەڵبژاردن لە پێشە. کە باسی لیستی ناوەکان و هەڵەی لیستی ناوەکان دەکەن، بیانوێکی بەتاڵە چونکە ئێستا لە سەردەمی عەولەمەین و مۆدێلی ئەوە نەماوە بە لیست ناو بچێت،. بەغدا قوتی خەڵک بۆ جێبەجێکردنی ئامانجی سیاسی بەکار دێنێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد لە بەغدا ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چارەکردنی ئەو پرسە.
سەفار دەشڵێت:چارەی ئەو پرسە، گەڕانەوەیە بۆ یاسای بوودجە کە مافەکانی تێدا دیاری کراوە.