پەیامنێری کوردستان24: مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا
K24 - بەغدا:
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا.
پەیامنێری کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی نێو وەزارەتی دارایی عێراقی گواستەوە، دوێنێ سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی بری 700 ملیار دینار بۆ تەمویلی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکوو ئێستا ئەو نووسراوە نەگەیشتووەتە بانکی ناوەندیی عێراق و بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ئەو پارەیە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێدایە، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوێنێ سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان خەرج کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ سەر هەژمارە بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕانەگەیاندووە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، لەبارەی ئەوەی، بۆچی بەشێکی مووچەی مانگی ئابی خەرج کردووە، لە کاتێکدا لیستەکەیان بۆ نەچووە.