مامۆستایانی وانەبێژ: بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمووانی خۆشحاڵ کرد

K24 – هەولێر:
مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن و دەڵێن: سەرۆکوەزیران جیاکاریی لەنێوان مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا و پەروەردە نەکرد و بڕیاری لە بەرژەوەندیی سەرجەمیان دەرکرد.
محەممەد ڕەسوول، مامۆستای وانەبێژ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، ڕایگەیاند: بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی بە گرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ، هەموویانی دڵخۆش کردووە.
ئەو وانەبێژە، دەڵێت: گەشبینین کە کاری باش تەنیا لە سەرۆکوەزیران دەوەشێتەوە و هەمیشە خزمەتی میللەت دەکات، هەروەها چاوەڕوانی ئەو بڕیارەمان لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد.
لای خۆیەوە هەمین جەعفەر، مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژ گوتی: ئێمە وەک وانەبێژ لە چەندان ماف بێبەش بووین، بەڵام ئەمڕۆ کاتێ ئەو بڕیارە درا کە بە گرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ مامۆستایانی خوێندنی باڵاش دەگرێتەوە، زۆر خۆشحاڵ بووین و سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد "بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نیشتمانپەروەرانە بوو، هەروەها جەنابیان بێ جیاوازی خزمەتی مامۆستایان دەکات".
بە فەرمانی ژمارە (4142) لە 28ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست ئیمزا کرد و تێیدا هاتووە: بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، ئەو بڕیارەیان داوە.