ئێران: نامانەوێت ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر بێت

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناترسێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێداوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "وڵاتەکەی بەپێچەوانەی ئیسرائیل نایەوێت ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر بکات".
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد "تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە و سیاسەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی شەڕ دوو هۆن بۆ زیاتر کردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا".
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی مەترسی فراوانبوونی شەر و ئاڵۆزییەکان بووەتەوە، ئەو مەترسیەش دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، لە تاران و کوشتنی فەرماندەی حزبوڵڵای لوبنانی، فوئاد شکور دێت لە باشووری لوبنان.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، 26ـی ئابی 2024، عەباس عێراقچی، لە پەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: لەم دوو ڕۆژەدا وەزیرانی دەرەوەی میسر، تورکیا، سعوودییە، ئازەربایجان، ئەرمینیا و ئیتاڵیان بۆ پیرۆزبایی پەیوەندییان پێوەی کردووە و ئەولەوییەتی سیاسەتی چواردەهەمین کابینەی حکوومەتی ئێرانیش بە ئاراستەی ناوچەیەکی بەهێزی یەکگرتووە لە ڕێگەی گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.
هەروەها نووسیویەتی: فەرهەنگ و پەیوەندییە مێژوویی و هەڵکەوتەی جوگرافیایی لەگەڵ بەشێک لەو وڵاتانە زیاتر جێگەی بەهێزکردنی پەیوەندیی و بەرژەوەندییە دوولایەنەکان بووە.
عێراقچی، ئاماژەیەکی تایبەتی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا داوە و نووسیویەتی: بە وردی و ڕاشکاوانە لە بارەی دۆخی ناوچەکە قسەم لەگەڵ ئانتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کردووە و پێیم گوتووە وەڵامی تاران بۆ زێدەڕییە تیرۆریستییەکەی ڕێمی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە، وەڵامدانەوەکەش ورد و کەمەر شكێن دەبێت.