سەفین دزەیی: چاومان لە گەشەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ تایلەند

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بە نیازن پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ تایلەند بەرەو پێشەوە ببەن.
پێنجشەممە 29ـی ئابی 2024، کۆڕبەندی بازرگانی نێوان حکومەتی هەرێم و ژووری بازرگانی هەولێرو شاندی باڵای بازرگانی تایلەند لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لە میانی کۆڕبەندەکەدا، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تایلەد هەیە، بەیەکەوە کاردەکەین و هەماهەنگیی ئابووریی دەکەین، متمانە لە نێوان یەک دروست دەکەین کە گرنگە بۆ بواری بازرگانی. گوتیشی: تایلەند گەشەی سەندووە و یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی ئابووری، لەبەر ئەوە کۆمەڵگەی بازرگانیی خۆمان هان دەدەین بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بکەین.
سەفین دزەیی گوتیشی: وەک حکوومەت پشتیوانیی بازرگان و خاوەنکارانی کوردستان و تایلەند دەکەین. دەچینە تایلەند و هەماهەنگی بازرگانیی دروست دەکەین، گوتی: چاومان لەوەیە بەرەو پێشەوە بچین و بەیەکەوە کەرتی تایبەت ببووژێننەوە.